FEDU EVENTS‎ > ‎

پەرتوکێک بە ناوی (هینکەری کوردیی ناوەندی) بۆ فێربونی زمانی کوردی بڵاو کرایەوە

posted 16 Feb 2020, 01:54 by FEDU Q.A   [ updated 16 Feb 2020, 02:05 ]
ئەنستیتیوی کوردی لە ئەستەنبوڵ و زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی کارێکی هاوبەشدا پەرتوکێکیان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بڵاو کردەوە. ئەم پەرتوکە لە لایەن د. هیوا سلام خالد مامۆستای بەشی زمانی کوردیی زانکۆی کۆیەوە ئامادە کراوە. پەرتوکەکە لە ١٥ بەش پێک هاتووە و پڕۆگرامێکی تەواوە بۆ ئەوەی لە کۆرسێکی زانکۆییدا بگوترێتەوە و تایبەتە بە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. خوێندکار لە ڕێگای ئەم پەرتوکەوە و بە هاوکاریی مامۆستا دەتوانێت فێری زمانی کوردی ببێت و زانیارییە سەرەتاییە گرنگەکان وەربگرێت. ئەم پەرتوکە بۆ فێرکردنی خوێندکارە بۆ ئاستی سەرەتایی و لە داهاتودا زنجیرەیەک پەرتوکی دیکەی بۆ ئاستەکانی دیکەش بە دوادا دێت. هینکەری کوردیی ناوەندی بە یەکەم پەرتوکی فێرکردنی زمانی کوردی – زاری کوردیی ناوەندی دادەندرێت کە لە سەر ئاستێکی نێودەوڵەتی و بە تیراژی ٢٠٠٠ دانە بڵاو بکرێتەوە. لە ئێستادا، فێرخوازان لە تەواوی جیهانەوە دەتوانن پەرتوکەکە داوا بکەن و بە دەستیان بگات. شایەنی باسە، خوێندکارانی بەشی زمانی کوردی ڕۆڵێکی دیاریان هەبووە لە ئامادەکردنی هینکەردا و دەنگەکان و گفتوگۆکان بە بەشداری ئەوان و لە زانکۆی کۆیە تۆمار کراون، کە بە دیڤیدی هاوپێچی پەرتوکەکە کراون.  
هینکەر وشەیەکی کوردییە و واتای فێرکەر دەگەیەنێت. یەکەم پەرتوکی فێرکردنی زمانی کوردی بە هەر دو زاری کوردیی باکوری 'کرمانجی' و کوردیی ناوەندی 'سۆرانی' لە ١٩٢١ لە ئەستەنبوڵ بە ناوی هینکەر بڵاو کرایەوە. 




Comments