FEDU EVENTS‎ > ‎

مامۆستايەكى بەشى كوردى كتێبێكى فێركارى زمانى فارسى بڵاودەكاتەوە

posted 11 Feb 2021, 06:49 by Muhammed Seyidgul   [ updated 28 Feb 2021, 12:16 ]
زانکۆى کۆیە یەکەمین کتێبى پڕۆگرامى فێربوونى زمانى فارسى بڵاوکردەوە. کتێبى بنچینەیەک بۆفێربوونى زمانى فارسى (مبانى یادگیرى زبان فارسى), لەلایەن پ.ى.د. هاوژین سڵیوە, نووسراوە و لەسەرداواو پێشنیارى سەنتەرى مەلاى گەورە بۆ توێژینەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆى کۆیە ئەرکى چاپ و بڵاوکردنەوەى لە ئەستۆ گرت.
لەلایەن شۆڕش شەهباز هەڵەبڕى بۆکراوە, لەلایەن دوو مامۆستاى پسپۆڕى زمانى فارسى هەریەک لە: (پ.د. ئەیوب کوشان ـ لەزانکۆى دانشگاه ازاد اسلامى ـ تبریس)و (پ.ى.د. جهاد شکرى لە بەشى زمانى فارسى لە زانکۆى سەلاحەدین) هەڵسەنگێندراوە و پەسەند کراوە, کتێبەکە 148 لاپەڕەیە و لەلایەن (توانا ئەحمەد) دیزاین کراوە و بە کوالێتییەکى بەرز بە ڕەنگاو ڕەنگى لە چاپخانەى (لاس سەنتەر) چاپ کراوە و سەرپەرشتى چاپەکەى لە ئەستۆى بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنى زانکۆو (پ.ى.د. دەریا جەمال حەوێزى) بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن بووە.
د.هاوژین سڵێوە لەبارەى ئەو بەرهەمەوە بۆ ڕاگەیاندنى زانکۆ گوتى:
لەم کتێبە هەوڵمداوە لەڕێى بابەت و چیرۆکەوە فێرخواز فێرە زمانى فارسى بکەم. لە هەر بابەتێک ماناى کۆمەڵێ وشەم بە زمانى کوردى نووسیوە, بۆ ئەوەى خوێنەر کێشەى نەبێ لە تێگەیشتن. لە هەمان کاتیشدا سەرو بۆر و ژێرم بۆکردووە, بۆئەوەى لەڕووى فۆنەتیکیشەوە بە دروستى وشەکان بخوێندرێنەوە, وردروردە لەگەڵ هەڵکشانى بابەتەکان, ڕاهێنانەکان زیاتر دەبن. واتا ئەگەر فێرخوازێک چیرۆکێک بخوێنێتەوە و وشە سەختەکان لەبەر بکات, ئەوا لە چیرۆک و بابەتەکەى دواى خۆى باشتر تێدەگات. 29 لاپەڕەى کۆتایى فەرهەنگى وێنەییە, کە نزیکەى سێسەت وێنەى لەخۆ گرتووە, لە کەلوپەلى ماڵەوە و جلوبەرگ و خۆراک و میوەکان و ناوى ئاژەڵان و... واتا خوێنەر لەڕێى وێنەکانەوە, دەتوانێت وشەکان لەبەر بکات. ئەم کتێبە بۆ ئەو فارسى زمانەکانیش بەسوودە کە دەیانەوێ فێرە زمانى کوردى بن. سوود لە کتێبى پرۆگرامى خوێندنى سەرەتایى زمانى فارسى و زمانى کوردى وەرگیراوە, لەگەڵ کۆمەڵێ چیرۆک و شیعر و بابەت.
هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنى زیاتر بۆ ئەو هاوکارە بەڕێزەمان و هەموو ئەوانە دەخوازین کە بەو ئەرکەوە ماندووبوون.


Comments