FEDU EVENTS‎ > ‎

فاکەڵتى پەروەردەى زانکۆى کۆیە ڕۆژى ژینگە بەرز ڕاگرت

posted 17 Apr 2014, 12:50 by Dilan Rostam   [ updated 17 Apr 2014, 13:00 ]
ڕاگرى فاکەڵتى پەروەردە: لەبەر بەهێزى بابەتەکان و پێویستیان بۆ کۆمەڵگاکەمان سەرجەم سمینارەکان بەیەکەوە دەکرێنە پەرتوکێک بۆ ئەوەى زیاتر سوودیان لێوەربگیرێت. بەمەبەستى بەرز راگرتنى ڕۆژى ژینگەى کوردستان فاکەڵتى پەروەردەى زانکۆى کۆیە بەئامادەبوونى د. کاوە مەحمود وەزیرى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شێخ چاپوک قائمقامى شارى کۆیە و د. جەواد فەقآ عەلى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایى و د. سەعید ساڵح ڕاگرى فاکەڵتى پەروەردەو ڕاگرەکانى دیکەى فاکەڵتیەکانى زانکۆى کۆیە و نوێنەرى حکومى و حزبیەکانى شارى کۆیەو مامۆستاو خوێندکارانى زانکۆ ڕۆژى سێشەممە 15/4/2014 چەندین چالاکى جۆراوجۆرى ئەنجامدا. 

سەرەتاى چالاکییەکە کاژێر 9ى بەیانى پێشانگاى پاشکۆى پاشماوەى ژینگەى لە گۆرڕەپانى زانکۆ کرایەوە کە چەندین پاشماوەى بەکارهێنراوى لەخۆ گرتبوو، هاوکات لەهەمان شوێن شانۆگەری (باهەمومان تاتە برایم بین) لە لایەن تیپی شانۆی کویە پێشکەشکراو ڕێزلێنانى فاکەڵتى پەروەردە لەلایەن ڕاگرى فاکەڵتى پێشکەشیان کرا لەبەرامبەر خزمەتکردنیان بە ژینگەى کوردستان. 

کاژێر 9،5 لە هۆڵى سەرکایەتى زانکۆى کۆیە پێشانگاى بەشى باخچەى ساوایانى فاکەڵتى پەروەردەو پێشانگایەکى وێنەیى کرانەوە، کە چەندین وێنەى دروستکراوى پاشماوەى ژینگەیى لەخۆ گرتبوو کە سەرجەمیان لە پاشماوەکانى ژینگەوە لەلایەن خوێندکارانى بەشەکەوە سوودیان لێوەرگیرابوو. 

کاژێر 10ى بەیانیش دەستکرا لە پێشکەشکردنى بەرنامەکانى وۆرکشۆپ، سەرەتاش ڕاگرى فاکەڵتى پەروەردە وتەیەکى پێشکەشکرد کە تیایدا مەبەستەکانى وۆرکشۆپەکەى دەستنیشان کرد هەروەک هەوڵەکانى فاکەڵتى لەچەند ساڵى ڕابردوو خستەڕوو کە لەڕۆژى ژینگەدا چالاکى جۆراوجۆرى ئەنجامداوە، دواتر وتارى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە لەلایەن د. جەواد فەقى عەلى خوێندرایەوە هەروەها وتارى قائمقامى کۆیە و وتارى وەزیرى ڕۆشنبیرى پێشکەشکران، کە سەرجەمیان تیشکیان خستە سەر مەترسیەکانى پیسبوونى ژینگەو خستنەڕووى ڕێگەچارەى خۆ ڕزگارکردنى مرۆڤ لەم کارەساتە مەترسیدارە.

لەبڕگەیەکى دیکەى دەسپێکى وۆرکشۆپە ڕێزلێنانى فاکەڵتى پەروەردە پێشکەشى ئەو بەڕێزو لایەنانە کرا کە ڕۆڵى هەبووە لە پاراستنى ژینگەى کوردستان ئەوانیش هەریەکە لە (م. عەبدولڕەحمان سدیق و د. د.عەتیە حەمە سەعید، حاکم سەمەد محەمەد سەرۆکی دەستەى ژینگەى کوردستان و م.فازیل شەوڕۆ). 

سەر لەبانى هەمان ڕۆژ چەند سمینارێک پێشکەشکرا سەرەتاش سمینارى کێشە ژینگەییەکان لەلایەن م. عەبدولڕەحمان سدیق، دواتریش سمینارى نایلۆن و کاریگەرى لەسەر تەندروستى مرۆڤـ لەلایەن د.عەتیە حەمە سەعید هەروەها سمینارى Solar Panels for Domestic Hot Water Supply) لەلایەن ئەندازیار کاوە مام یەحیا و سمینارى کاریگەرى پیشەسازی لەسەر پیسبوونی ژینگە لەلایەن د.ئەحمەد جەلیل ئیسماعیل و سمینارى The Feasibility of Biodiesel Production From Animal Fats To Prevent Environmental Pollution: A Case Study of Koya Slaughterhouse) لەلایەن م. ڕێبوار کرمانج و سمینارى ژینگەى چیاى باواجى لەلایەن رزگار فقێ سلیم پێشکەشکرا لەسەرجەم ئەم سمینارانەدا بە داتاو ژمارە مەترسیەکانى پیسبوونى ژینگە خرانە ڕوو ئەمە جگە لەوەى پێشکەشکاران چەندین وێنەى زیندوویان خستەڕوو کە وێنەکان خۆیان باسیان لەم دیاردەیە دەکرد، دواى پێشکەش کردنى هەر سمینارێکیش گفتوگۆى چڕ لەلایەن ئامادەبوانەوە ئەنجامدەدرا. لە پەیوەندیەکیشدا د. سەعید ساڵح ڕاگرى فاکەڵتى پەروەردە پێى ڕاگەیاندین لەبەر بەهێزى بابەتەکان و پێویستیان بۆ کۆمەڵگاکەمان سەرجەم سمینارەکان بەیەکەوە دەکرێنە پەرتوکێک بۆ ئەوەى زیاتر سوودیان لێوەربگیرێت.
 
دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژیش لەلایەن فەرمانگەکانى شارەوانى کۆیە و بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى کۆیە دوو سمینار پێشکەشکران لە سمینارى یەکەمدا کە لەلایەن گلێنە جەواد پێشکەشکرا تیشکى خستە ڕێژەى سەوزایى لەشارى کۆیەو ئەو هەوڵانەى شارەوانى کۆیە خستویەتى ڕوو بۆ سەوزکردنى شارەکە، لە سمینارى دووەمیشدا تیشک خرایە مەترسیەکانى ئۆتۆمبێل و شێوازى لێخۆڕینى ئۆتۆمبێل و کاریگەریان لەسەر پیسبوونى ژینگە. 

کاژێر 3،5 ئێوارەش سمینارى با لەگەڵ گیانداران ئاشتببینەوە لەلایەن م. فازیل شەوڕۆ پێشکەشکرا کە لەسمنارەکەدا تیشکى خستە سەر ئەوەى مرۆڤ لەگەڵ گیانداران شاشت بکرینەوەو خۆشەویستیان بۆ گیانداران هەبێت، ئەوە جگە لەوەى لەناو سمینارەکەدا چەندی بڕگەى جۆراوجۆرى لە خۆ گرتبوو لە پێشکەشکردنى گۆرانى وتن و خوێندنەوەى هۆنراوەکانى هەرەیەکە لە نالى و قوبادى جەلیزادەو شێرزاد حەسەن لەلایەن خوێندکارانى چرۆى نمونەیى. 

شایانى باسە بەهۆى زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان و فڕێدانى پاشماوەکان و لەئەنجامى پێشکەوتنى زانست و تەکنەلۆژیا بەتایبەتى پیشەسازە گەورەکان و زۆربوونى ژمارەى ئۆتۆمبێل، لەساڵى 1972 ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووە‌کان لە‌ (ستۆکهۆڵم)ى پایتەختى سوید ڕێکەوتى 5/6 هە‌موو ساڵێکى تەرخان کرد بۆ ڕۆژى جیهانى ژینگە، لەدواى ئەم ڕۆژەوە لە زۆربەى وڵاتانى جیهان چالاکى و کۆنفرانس و وۆرک شۆپ و بەرنامەى هۆشیارکردنەوەى ژینگەیى و هەڵمەتى نەمام چاندن دەست پێدەکات. ڕۆژى ژینگە لە کوردستان هاوکاتە لەگەلڕ یادى کیمیابارنى دەڤەرى بالیسان و شێخ وەسانان، کە ڕژێمى بەعس لە 16/4/1987 کیمیابارانى کرد، بۆیە پەرلەمانى کوردستانیش ئەم ڕۆژەى وەکو ڕۆژى ژینگەى کوردستان هەڵبژارد بۆ پاراستنى ژینگە.


Comments