FEDU EVENTS‎ > ‎

" به‌شى جوگرافيا فاكەڵتى پەروەردە يادى ڕۆژى (GIS) جيهانى بەرز ڕاگرت "

posted 20 Nov 2019, 13:17 by FEDU Q.A

ڕۆژی پێنج شەمە ڕيكەوتى ١٤ / ١١ /٢٠١٩ لە هۆلى سيستەمى زانياريیە جوگرافيیەكان (GIS) لە بەشى جوگرافياى فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان ، بە ئامادەبوونى پرۆفيسۆر دكتۆر وەلى مەحمود حمد، سەرۆكى زانكۆى كۆيە و پ . ی . دكتۆر حه‌یده‌ر له‌شكری یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ. ى. د. باوەين كريم مولود ڕاگرى فاكەلتى پەروەردەو ، پ. ى. د. نالى جواد حمد سەرۆكى بەشى جوگرافيا و كۆمەڵيك مامۆستاو خوێندكارانى بەشەكە . بەبۆنەى ڕۆژى ( گى ئاى ئێس ) ى جيهانى مەراسيمێك بەرێوەچوو .
لەو بارەيەوە دكتۆر نالى جواد حمد سەرۆكى بەشى جوگرافيا گوتى " ( ڕۆژى ١٤ / ١١ ى هەموو ساڵێك رۆژى (GIS ) ى جيهانيیە ، لە سالى ١٩٩٩ وە لە زۆربەى زانكۆكانى جیهان ئه‌م یاده‌ ده‌كرێته‌وه‌ ، به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ ئیمه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین به‌شی جوگرافیا له‌سه‌ر ئاستی به‌شه‌كانی جوگرافیای زانكۆكانی کوردستان پێشه‌نگ بووین كه‌ ئه‌م یاده‌مان به‌رز ڕاگرت ، له‌ چوارچێوه‌ی ‌‌ مه‌راسیمێكی ته‌رفیهی، كه‌ تیایدا من سیمینارێكی كورتم ده‌رباره‌ی گرنگی ( گی ئای ئێس ) پیشكه‌ش كرد ، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی زانكۆو راگرو مامۆستایان و خویندكارانی به‌شه‌كه‌مان . وه‌ خه‌ڵات به‌سه‌ر خوێندكاره‌ یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مه‌كانی به‌شه‌كه‌مان دابه‌شكرا )

" سه‌رۆكی زانكۆ به‌ڵینی نه‌هێشتنی كه‌موكوڕیه‌كانی هۆڵی سيستەمى زانياریيە جوگرافیيەكان ده‌دات "
دكتۆر نالی گوتی "( هه‌ر له‌م مه‌ڕاسیمه‌دا داوامان له‌ سه‌رۆكی زانكۆكرد كه‌ هۆلى سيستەمى زانياريیە جوگرافيیەكان كه‌موكوڕی هه‌یه‌ پێویستی به‌ ته‌واوكردن هه‌یه‌ ، خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رۆكی زانكۆ داواكاریه‌كه‌ی ئێمه‌ی به‌ گرنگ زانی و به‌ ڵێنی ئه‌وه‌ی پێداین كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان دابین ده‌كات و كه‌موكوڕییه‌كان ناهێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ داهاتوودا ته‌واوی ئه‌وتوێژینه‌وانه‌ی مامۆستایان و خوێندكاران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ڕیگه‌ی سیسته‌می زانیاری جوگرافییەوه‌ بن ، بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان زۆر ده‌قیق و زۆر زانستی و سوود به‌خشبن بۆ كۆمه‌ڵگا).
GIS " ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌ پێشكه‌وتنی كۆمه‌لگا "
دكتۆر نالی له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ "
‌( سيستەمى زانياریيە جوگرافيیەكان (GIS ) كه‌ره‌سته‌یه‌كی زۆر پێشكه‌وتووه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ ، ئه‌وتوێژینه‌وانه‌ی كه‌ له‌ڕێگای (GIS ) بكرێت ، تایبه‌ت له‌سه‌ر رووی زه‌وی ده‌توانرێت به‌هۆیه‌وه‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكرێت . ده‌توانرێت هه‌ر له‌م ڕیگه‌یه‌وه‌ پلان بۆ داهاتوو دابنرێت ، چۆن كۆمه‌ڵگا پێش بخه‌ین ؟
بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ داهاتوودا ئه‌م تاقیگه‌یه‌ بكه‌ینه‌ سه‌نته‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یان فه‌رمانگه‌كانی شاری كۆیه‌ ببه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوودیان پێ بگه‌یه‌نین ).

ئاماده‌كردنی : محمد مغدید
وێنەکان نه‌وشیروان داود



Comments